الله اکبر الله اکبر الله اکبر، لا اله الا الله والله اکبر الله اکبر و لله الحمد
جەژنی قوربان، جەژنی دینامیزم و هۆشیاری و بەندایەتی هات تاکوو عەقڵ؛ ڕۆح و ڕەوانی ئیمانداران جارێکی تر لە کرداری درەوشاوەی ئیبڕاهیم و هاجەر و ئیسماعیل ورد بێتەوە و پێداچوونەوە بۆ وانەی ژیانبەخش و نکۆڵی لە قوربانیبوونی مرۆڤ تەنانەت بە ناوی خودا و لەبەردەم بارەگای خودا، لە مەحزەری ئەو بنەماڵە سەربەرزەدا بکەن.
جێگای داخە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە دۆخێکی فیتنەیی کاولکەری و ماڵوێرانکەردا، دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی دەوڵەت بە پشتگوێخستنی بەها بەرزەکانی قوتابخانەی یەکتاپەرستی، بێتاوانەکان دەبەنە ژێر تیغی کوشتارگەی ویست و خواست و بیروبڕوای خۆویستی و خۆسەپێنی و بە شێوەیەکی کاتئاڵۆزی خۆیان.
ئەمساڵ جەژنەکانی جیهانی ئیسلامی بۆنی ماتەمینیان بەخۆوە گرتووە و ئەو گەنجانەی که دەکرا سکاوتی هۆشیاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵاتەکانیان بن، بەداخەوە بوونەتە سووتەمەنی ئاگری لەناوچوونی مەزرا و نەتەوە و داڕمانی کەرامەتی ئوممەت.
سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەی ئێستا، کە هەموو موسوڵمانێکی زانا و پابەند نیگەران دەکا، هیوای ئێمە بە سۆز و بەخشینی خودای میهرەبان و ڕاستبینی، دوورنواڕی و تەکتیکی سەرکردە و چالاکوانانێکه کە بە تێگەیشتن لە ڕەهەندی پیلان و مەترسی و ململانێی جددی پێشەڕوو، بەرژەوەندی گشتیی گەل بەرچاو دەگرن تاکوو پێش بە ڕوودانی کارەسات و خەسارەتەکان بگرن.
جێی خۆیەتی هاوکات لەگەڵ حاجیانی ماڵی خوا، ئێمەش بە داوای لێبووردن و پاڕانەوە لە دەرگانەی خوای مەزن، دڵپاکانە داوای لێ بکەین کۆتایی بە دەرد و ئازار و زوڵمەکانی که لەلایەن زایۆنیزمی داگیرکەرەوە بەسەر خەڵکی ئازادیخواز و ئافرەتان و پیاوان و گەنجانی دلێری غەززەوە داسەپیوە، بێنیت. دەرگاکانی ڕەحمەت و یارمەتی خۆی بەسەریاندا بکاتەوە و دەرد و برینی ڕۆڵەکانی ئەو گەلە بە سۆز و ڕەحمەت بێسنووری خۆی ساڕێژ بکات و یارمەتیدەر بێ که لە جێژنەکانی داهاتوودا لە دۆخێکی شیاودا، پیرۆزبایی ئەو بۆنانە لە یەکتر بکەین. وما ذلک علی الله بعزیز
عەبدوڕڕەحمان پیرانی
ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی کۆچی
بۆچوونهکان